"شەقامی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕدەکەین لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتی"

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنن" ئەگەر مووچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بکرێت، ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا شەقامی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕدەکەین لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتی". 

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، دواینیوەڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانکردەوە" پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی موچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان دەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بە داخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران".

دەشڵێن" پێشتر کەلەڕەقی و پێداگیری دەسەڵاتمان لە چەسپاندنی ئابوری سەربەخۆ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بینی کە دەرئەنجامەکەی لە خزمەتی بنەماڵە و حیزبەکاندا بوو، ماڵوێرانی و بەشمەینەتییەکەشی بۆ هاوڵاتییان و موچەخۆرانی ستەملێکراو بوو، لە ئێستاشدا جارێکی دیكه‌، دەسەڵات بە پاساوی گاڵتە جاڕانەی دروستکردنی هەژماری من و نە ناردنی لیستی ناوی هێزە سەربازییەکان، دەیەوێت خۆی لە پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بدزێتەوە".

مامۆستایانی ناڕازی ئەوەشیان خستەڕوو، هۆشداری توند بە دەسەڵات دەدەن کە ئەگەر چیتر مووچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بکات، ئەوا هەموو ڕێگایەکی فشار و ناڕەزایەتی مەدەنی لەبەردەمیاندا کراوەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا شەقامی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕدەکەن لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتی، "ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەش بەتەنها لە بایکۆت و خۆپیشانداندا ناوەستێت".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە" ئەگەر دەسەڵاتی سنوری زۆنی سەوز ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی و دادگای فیدراڵی و خەڵکی ئەم سنورە، ئەوا با ڕاستەوخۆ لیستی موچەخۆران بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی و ڕێگە بدات بە زووی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین کارت بۆ موچەخۆران دروستبکرێت، چونکە بڕیاری دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان، لە لایەن هەمان دادوەرو دادگا و لە هەمان ڕۆژدا، دەرچووە، ناکرێت بۆ یەکێکیان خۆڵەمێشیانە مامەڵە بکەیت و بۆ ئەوی تریان شای بگێڕیت".

ئه‌وه‌ش هاتووە" داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان دەکەین، بە یەکدەنگی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دروستکراوی مووچە، هەروەها داوا لە چین و توێژەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر دەکەین، کە بێدەنگی بشکێنن و هەنگاوبنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمەی دەسەڵات کە ساڵانێکی زۆرە بەسەرماندا سەپاندویانە".


PM:02:35:16/03/2024