مووچەی دوو مانگی کرێکارانی خانەنشین دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکارانی سلێمانی بڵاوی كردەوە، لەمڕۆوە مووچەی دوو مانگی ئەمساڵی كرێكارانی خانەنشین لە سلێمانی دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکارانی سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە” ئاگاداری ئەو مووچەخۆرانە دەکات، کە مووچەی خانشینانی هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکارانی سلێمانیی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەردەگرن، لەمڕۆوە ١٧ی ئازار مووچەی مانگەکانی یەک و دووی ساڵی ٢٠٢٤ دابەش دەکرێت."

ئاماژە بەوەشکردووە"دەبێت لەو مووچەخۆرانە سەردانی بانکی مەڵکەندی بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان."

لەمبارەیەوە، مەریوان بەگۆك عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" مانگانە مووچەی خانەنشینی ئەو توێژە دەدرێت، بەڵام بەهۆی راگرتنی خەرجییەكان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، مووچەیان دوا كەوت، لە هەولێر دابەش کرا و لەمڕۆوە لە سلێمانی ھەردوو مووچەی مانگی یەك و مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤  دابەش دەکرێت".
مەریوان بەگۆك روونیشی كردەووە" وەكوو فەرمانبەرانی كەرتی گشتی، بەپێی ساڵانی خزمەت و پسپۆڕی و دوا مووچەیان، مووچەی خانەنیشییان پێ دەدرێت".

بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، كە لە هەرێمی كوردستان كاری پێ دەكرێت، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان ٢٠ ساڵ خزمەت و٦٠ ساڵ تەمەن و بۆ ئافرەتانیش ٢٠ ساڵ خزمەت و ٥٥ ساڵ تەمەن دیاری كراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ئاشكراشی كرد، تاوەكوو ئێستا نزیكی هەزار كەس مووچەی خانەنشینیی كرێكاری وەردەگرن.


AM:10:49:17/03/2024