گۆران‌و یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژارندان

لە دوو راگەیاندنی جیاوازدا دوو هێزی هاوبەشی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پارتیدا، یەکێتی و گۆڕان بە جیا لە دوو راگەیاندندا جەختیان لەسەر سازدانی هەڵبژاردن کردەوە.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ لە راگەیاندنێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەسەرپەرشتی بافل جەلال تاڵەبانی مەکتەبی سیاسیی کۆبۆتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکاری یەکێتیی لەسەرجەم بازنەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ لە هەرێم بکرێت".

لە راگەیاندنی یەکێتیدا هاتووە " کۆبوونەوە پێیوایە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تەئکیدیشیکردەوە پاراستنی قەوارەکەمان لە هەڕەشە و مەترسی، تەنها لەرێی گەڕانەوە بۆ ڕای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک".

لەلایەکی ترەوە بزووتنەوەی گۆڕان هاوبەشەکەی تری پارتی لە حوکمڕانیدا لە کوردستان، سەرباری ئەوەی ئەمرۆ وەفدێکی پارتی سەردانی کردبوون لە راگەیاندنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لەپێناو پرۆسەی دیموکراسی، گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان، ڕەوایەتیدان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان؛ " پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە".
 
گۆڕان لە راگەیاندنەکەیاندا جەخت لەسەر هەڵبژاردن دەکەنەوەو دەڵێن" باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە، بە بەشداری و لێکتێگەیشتنی هەمو لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردنێک وەڵام گۆی پێداویستیە نیشتمانی، قانونی، دامەزراوەیی و بەپیرەوەچوونی ژیان و گوزەران و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بێت، لە هەموی پڕبایەختر لەڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستانەوە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بکرێت".
 
هەڵوێستی هەردوو لایەنی گۆڕان و یەکێتی دوای رۆژێک دێت لە هەڵوێستی نوێی پارتی کە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بەشداری ناکات و، لە بارەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دوای سەردانێک بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بڕیار دەدەن. 



PM:05:51:19/03/2024