کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدایە



ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژارندن دەکاتەوە لەو بەروارەی سەرۆکی هەرێم دایناوە کە ١٠ ی حوزەیران ٢٠٢٤ ە.

لە راگەیاندراوەکەی کۆمەڵی دادگەری کوردستاندا کە ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاویان کردەوە هاتووە " حوكمڕانی خراپ و پڕ گەندەڵیی و بێباكیی دەسەڵاتدارەكانی كارێكی كردووە كە ڕۆژ بە ڕۆژ قەیران و گرفتەكان زیاتر و مەینەتییەكانی خەڵكیش زۆرتردەبن . زیاتر لە هەفتەیەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، پارەی پێویستی بۆ موچەی فەرمانبەران ناردووە، بەڵام بە بڕیارێكی چاوەڕوان نەکراولەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمەوە دەستی بەسەرداگیراوە، لەكاتێكدا دەتوانێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ موچەی هەموو موچەخۆرانی دابەشبكردایە".
هەروەها هاتووە " دەبوو ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە هەستی بەرپرسیارێتی هەبوایە كە لەم مانگی ڕەمەزاندا دەستی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكدا نەگرتایە كە تاكە سەرچاوەی ژیانی ئەو موچەیە یە".

لە بارەی پرسی هەڵبژاردنەوە کۆمەڵ دەڵێن" ئێمە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و، هیوادارین هیچ لەمپەرو ڕێگریەک نەخریتە بەردەم ئەنجام دانی پرۆسەكە" .

ئەو حزبە پێیوایە" هەرجۆرە ئینكاریەک کە وەستان بێ لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فدراڵیی دا هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی قەیرانی زیاتردەکاتەوە و دوورنیە چوارچێوە دەستوری و یاساییەکەی هەرێم لەدەست بدەین".



PM:06:36:19/03/2024