خەلیفان.. باندێك كه‌ به‌ فێڵ هه‌ژماری بانكیان بۆ هاوڵاتیان دروستده‌كرد ده‌ستگیركران

ئاسایشی خەلیفان دەستگیركردنی باندێكی بە تۆمەتی فێڵكردن لە هاوڵاتیان راگەیاند كە بەنهێنی هەژماری بانكییان بەناوی هاوڵاتیانەوە دروستكردوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" لە رێکەوتی ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان شەش کەس بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاوڵاتیان دەستگیرکران". 

دەشڵێت" تۆمەتبارەکان لە ڕێگەی  بەخشینی سیمکارتی (زین) و پێدانی بڕی ٢٠ هەزار دینار بە هەر کەسێکی وەرگری سیمکارتەکە هەڵساون بە وێنەگرتنی کارتی نیشتیمانی و وێنەی کەسی هاوڵاتیان، لەو رێگەیەوە هەژماری بانکی نهێنییان دروستکردوە کە بەو هۆیەوە پارەیەکی زۆریان خستۆتە سەر ئەم  هەژمارە بانکییانە و بەرەو دەرەوەی وڵاتیان بردون بەمەبەستی کڕینی دۆڵار بە نرخێکی کەمتر لە عێراق و دواتر هێنانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی فرۆشتنی بە نرخێکی زیاتر". 

ئاماژەی بەوەشداوە كە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكان كراوەتەوە و ڕەوانەی دادگا کراون.


PM:08:03:19/03/2024