یەکێتی ناوی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان یەکلایکردۆتەوە

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاشکرای دەکات کە رێکارەکانی یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە.

رزگار حاجی حمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە " ئامادەکارییەکانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بووە، پێش ٢٨ی ئەم مانگە ناوی سەرۆک لیستەکانیان ئاشکرادەکەن".

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەفەتەیەکدا ناوی کاندیدەکانی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاییکردەوە، پێشتریش هەندێک زانیاری بڵاوکرابوونەوە کە یەکێتی ١٠٠ کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت کە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان ١٠٠ کورسیە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند تا ٢٨ ی ئازار پێشەکەشکردنی ناوی کاندیدەکان درێژکرایەوە.

لە هەرێمی کوردستان بە هەر چوار پارێزگاکە هەزارو ٢٢٦ ناوەندی دەنگدان هەیە کە ٦ هەزارو ٥٤٢ بنکەی گرتۆتە خۆی و سەرجەم بنکەکان بە کامێرا چادێری دەکرێت.

رۆژی هەڵبژارنیش ١٠ ی حوزەیران تا ٦ ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و دوای تەواوبوونی دەنگدان وێنەی ئەنجامەکانی بنکەکە دەدرێت بەنوێنەری لایەنەکان و داتاکانیش سەرجەمیان رەوانەی کۆمسیۆن لە بەغدا دەکرێن.



PM:07:00:21/03/2024