نمایشکردنی فیلمی سینەمایی (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا) دواخرا

هەرچەندە بڕیار بوو فیلمی (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا) لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش بکرێت، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی هاوڵاتییان نمایشکردنی ئەو فیلمە دواخرا. 

شوان عەتوف دەرهێنەری فیلمی (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا)، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ئینستاگرام رایگەیاندووە" بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی ئێستای خەڵک و بۆ ئەوەی دۆخەکە گونجاوبێت لەگەڵ ژیان و هەستیاندا، بڕیارماندا نمایشی فیلمەکە دوابخەین". 

فیلمی (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا) لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند شوان عەتوفە، هەریەك لە ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، رێشان و چەند ئەکتەرێکی دیکە رۆڵی تێدا دەگێڕن کە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە دەست بە كاری وێنەگرتنی فیلمەکە كراوە کە لە ژانری (کۆمیدیا، دراما، ڕۆمانسیە)، بڕیار بوو لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا لەسەر شاشەی سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایشبکرێت.


AM:10:00:26/03/2024