سامانە سروشتییەکان: بۆ نیەت پاکی ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتمان رادەستی بەغدا کردووە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیاندنێکدا دەڵێت" حکومەتی هەرێم بۆ نیشاندانی نیەتپاکی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیلی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کردوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرامبەردا هیچ پارەیەکی وەرنەگرتوە تا بتوانێت شایستەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان بدات."

 لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت " لە هەوڵەکانمان بۆ دوبارە هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامین، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەردو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ رێککەوتبون لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردە، تا ئێستا دەستی پێنەکردوەتەوە".
 
 هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە نەوتی هەرێم بێ خەرجکردنی بودجە دامەزراوە، بەڵام لە بودجەدا هاوشێوەی ئەو پیشەسازییانە هەژمارکراوە کە ملیارەها دۆلارییان لەسەر بودجەی گشتی تێچوە و ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت.
  
وەزارەتی سامانەسروشتییەکان لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا دەڵێت " داهاتی نەوت تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بو، هەر لە دوای راگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستوەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتوە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە موچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دابەشدەکرا."
  
باس لەوەش کراوە، بەمەبەستی چارەسەری ئەم کێشانە هەردو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.



PM:03:10:26/03/2024