لەسەر بەشداریکردنی لە مەراسیمی نەورۆز هونەرمەندێکی کورد دەستگیرکرا

هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤ رایگەیاند" دوێنێ چوارشەممە محەمەد عەباسزادە، هونەرمەندی تەمەن (٣٥) ساڵە و خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەیەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هونەرمەندە دوای گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شۆهانی مەلەکشای لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستگیرکراوە و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هونەرمەندە بەردەست نییە.

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" ئەو هونەرمەندە دوای خوێندنی سروودی (ژن ژیان ئازادی) لە رۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە ماڵی خۆیدا دەستگیرکرا و ساڵی رابردوو بە کەفالەتی (٨٠٠) ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو". 


PM:03:52:28/03/2024