"باشترین چارەسەر بۆ ئایندەی کوردستان جێبەجێکردنی فیدراڵی پارێزگاکانە"

دوای ئەوەی کۆمسیۆن دەرگای تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارە و کاندیدەکانی بۆ پەرلەمانی کوردستان داخست و پارتیش ناوی هیچ بەربژێرێکی نەدایە کۆمسیۆن،چاوەدێرێکی سیاسی دەڵێت"  پارتی لەلایەک خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن، لەلایەکیش لە کوردستان خەڵکی بێ ئومێد کردووە، و باشترین چارەسەر بۆ ئایندەی کوردستان جێبەجێکردنی فیدراڵی پارێزگاکانە".

عەبدولڕەزاق شەریف، چاودێری سیاسی لە دیمانەیەکدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندووە" پارتی لەلایەک خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن، لەلایەکیش لە کوردستان خەڵکی بێ ئومێد کردووە، و بانگەشەی ئەوەدەکات بەشداری هەڵبژاردن ناکات".

دەشڵێت" پارتی گرەو لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکات و لە ڕێگای هێزەعێراقییەکانەوە گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەکات، بۆیە بە بۆچونی من پارتی ناچێتە هەڵبژاردنێکەوە کە بزانێت دەنگەکانی کەم دەکات، من پێموایە ئەگەر پارتی بکەوێتە جۆرێک لە ڕێککەوتن ئەوا پارتی جارێکی تر داوادەکات هەڵبژاردن دوابکەوێ".

" بە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و دواخستنی هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات نازانرێت، وە دەزگاکانی هەرێمیش شەرعیەتیان نامێنێ، دەتوانم بڵێم هێزی کوردی بەگشتی گوێییان نەداوە بە مەسەلەکانی گەلی کورد و دەسکەوتی نیشتمانی، هەمیشە شەڕی بەرژەوەندی خۆیان و ئیرادەی سەرۆکیانە، هەموو شتێک دەکەن بە قوربانی ئیرادەی سەرۆک".( ئەو چاوەدێرە سیاسیە وتی).

عەبدولڕەزاق شەریف ڕاشیگەیاندووە" یەکێتی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، بەڵام یەکێتی هەمیشە ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی، لە ئێستادا یەکێتی وای نیشان دەدات دۆخی زۆر باشە، بەڵام پێش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئەوەی ڕێگری دەکرد و ئامادەی هەڵبژاردن نەبوو یەکێتی بوو، ،لە ڕاستیدا یەکێتی دۆخی باش نیە، چونکە چەند هێزێکی نوێ لە ناوچەی یەکێتی دروست بوون کە ئەو حزبەی لەتکردووە".

دەربارەی چۆنێتی دەربازبوونی هەرێم لە کیسە و ململانێ سیاسیە ناوخۆیی و دەرەکییەکان عەبدولڕەزاق شەریف ڕونیکردەوە، باشترین چارەسەر بۆ ئێستای هەرێم وە بۆ ئایندەی کوردستان جێبەجێکردنی فیدراڵی پارێزگاکانە، واتە دەکرێت هەڵەبجە و سلێمانی هەرێمێک بن، هەولێر هەرێمێک، دهۆکیش هەرێمێک، یان هەرێمی کوردستان ببێتە چوار هەرێم، ئەوکات کەرکوکیش دەتوانرێت ببێتە هەرێمێک، دەستوری عێراقیش ڕێگە بەوە دەدات.

شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر ١٢ی شەو ئەو وادەیە تەواوبوو کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارە و کاندیدەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان داینابوو، پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکرد، ئەمەش بە مانای بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە ١٠ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.




PM:10:20:02/04/2024