عەبدوڵای حاجی مەحمود جیابوونەوەی خۆی لە سۆسیال دیموكرات ڕاگەیاند

عەبدوڵڵای حاجی مەحمود لەسەر کۆنگرەى ئه‌مڕۆى پارتى سۆسیال دیموكراتى كوردستان ڕایدەگەیەنێت" بە ئیرادەی تاکڕەوانەی چەند کەس‌ و گروپێک بە ناوی بەستنی کۆنگرە شانۆگەریەکی بێبنەما سازدەکرێت". 

عه‌بدوڵڵاى حاجى مه‌حمود، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ لە هەنگاوێکی دوور لە هەموو پڕەنسیپێکی کاری سیاسی‌ و حزبی، بە ئیرادەی تاکڕەوانەی چەند کەس‌ و گروپێک بە ناوی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکرات شانۆگەریەکی بێبنەما سازدەکرێت".

ده‌شڵێت" بێبنەمایە، چونکە کۆنگرە ئامرازێکی یاسایی‌ و پەیڕەوییە بۆ نوێکردنەوە و بەزیندوو هێشتنەوەی ژیانی حزبی‌ و پێکهاتە و ئۆرگانەکانی‌ و بەرنامەو سیاسەتی حزب، بەڵام ئەوەی بەناوی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکراته‌وه‌ دەگوزەرێت دورە لە هەموو بنەماکانی کۆنگرەیەکی تەندروست‌ و ئامانجدار، بۆیە پێمانوایە نەک خزمەت بە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ناکات، بەڵکو کۆتایی بەپڕەنسیپەکانی کاری هاوبەش‌ و بیروڕای جیاواز لەو حزبەدا دەهێنێت‌ و بەرەو تولەڕێیەکی نادیار و داخراوی دەبات".

عه‌بدوڵڵا حاجى مه‌حمود نوسیویه‌تى" لە مڕۆ بە دواوە، ئێمە هیچ بەرپرسیارێتیەکی ئەو ئاینده لێڵ‌ و ناڕونە هەڵناگرین‌ و بۆ درێژەدان بە مێژوی حزب‌ و قوربانیدانی شەهیدان‌ و ئامانجە باڵاکانیان، ڕێگه‌ی خەباتی سیاسی‌ و جەماوەری دوور لە گیانی توندوتیژی و دەمارگیری درێژە پێدەدەین". 

ئه‌وه‌شى وتوه‌" لە هەنگاوی یەکەمدا بە هاوپەیمانییەک بە ناوی سەردەم خۆمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ساز و ئامادە دەکەین، بۆ داهاتوی نزیک‌ و دوریش لەسەر بنەمای بەهای باڵای خەبات‌ و خزمەتکردنی گەل‌ و نیشتیمان‌ و کاری هاوبەش‌ و ڕەخساندنی دەرفەتی هاوتا بۆ ئەو ئامانجانە، کارنامەی تۆکمەمان دەبێت بۆ درێژەدان بەو کاروانی تێکۆشانەی خۆمان لە ڕێکخستنیدا ماندوبوین‌ و قوربانی گەورەمان لە پێناوداوە".


PM:01:32:04/04/2024