پاریس بەنیازە ڤینیسیۆس بکاتە دووەم گرانترین گرێبەست لە مێژوودا

ڕیال مەدرید مەترسی لەدەستدانی ئەستێرەی بەڕازیلییەکەی ڤینیسیۆس جونیۆری لەسەرە، کە لەلایەن زۆرێک لە یانە سەرەکییەکانی ئەوروپاوە گرنگی پێدەدرێت.

 لەگەڵ ئەگەری هاتنی کیلیان مباپێی فەرەنسی بۆ مەدرید لە هاوینی داهاتوودا، داهاتووی ئەو یاریزانە بەڕازیلییە لە ژێر گوماندایە.

 گرێبەستەکەی مباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە ٣٠ی حوزەیران کۆتایی دێت، زۆرێک لە هەواڵە ڕۆژنامەوانییەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید کردووە بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی شاهانە بکات.

 بەگوێرەی ڕۆژنامەی "مۆنتۆ دیپۆرتیڤۆ"ی کەتەلۆنی، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەیە بڕە پارەیەکی زۆر بدات بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس.

 یانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت قەرەبووی ڕۆیشتنی کیلیان مباپێ لە یانەکەی بکاتەوە، بە گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر بە بڕی 200ملیۆن یۆرۆ.

 ئەگەر ڕیال مەدرید ڕازی بێت یاریزانەکەی بەم بڕە بفرۆشێت، ئەوا ڤینیسیۆس دەبێتە دووەم گرانترین یاریزانی مێژوو لەدوای نیماری هاونیشتیمانی کە 222 ملیۆن یۆرۆیە.

 ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاپۆرتانەی تردا دێت کە ئاماژە بە ئارەزووی لیڤەرپوول و چێڵسی دەکەن بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس کە وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان لە ساڵانی ڕابردوودا پۆلێن کراوە.

 سەرەڕای ئەمەش یانەی شاهانە پلانی نییە دەستبەرداری یاریزانە چەپەکەی بێت کە پایەیەکی سەرەکییە لە پێکهێنانی کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ئیتاڵی.

 ڤینیسیۆس، تەمەنی 23 ساڵە، ئەم وەرزە بەهۆی پێکانەوە تەنها 22 یاری ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا 18 گۆڵی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا 8 گۆڵی دیکەی دروستکردووە.


AM:04:02:06/04/2024