بزوتنەوەی ئیسلامی داوای تەوافوقی سیاسی دەکات

بزوتنەوەی ئیسلامی تائێستا لیستی کاندیدەکنی پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردووە و داوای تەوافوقی سیاسی دەکات.

لە راگەیەندراوێکدا ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان دەڵێت" ئێمە وەک دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە بۆ هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی بازنەکان، بەڵام بۆ خۆشتان دەزانن دوو ساڵە بزووتنەوەی ئیسلامی تەکیدی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووەتەوە لەو نێوەندەشدا چەندین جار ڕابەری گشتی و مەکتەبی سیاسیمان لە چەندین لێدواندا جەختیان کردووەتەوە کە هەڵبژاردن زەرورەتێکی حەتمیە و دەبێت بکرێت، بەشێوەیەک سەرجەم لایەنەکان بسازێن و لە بەیاننامە فەرمییەکانی حیزبدا بڵاومانکردوەتەوە کە پێداگیریمان کردوە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و کۆتایی بەو ئاڵۆزییە سیاسیانە بهێنرێت و پەرلەمانی کوردستان ببێتە سەکۆی سەرجەم لایەنە سیاسیەکان وەکو سەکۆکەی جاران کە لایەنە ناکۆکەکانیشی تیا کۆکرابویەوە". 

دەشڵێت" بەداخەوە ئێمە ڕێکەوتی ٣١ی ٣ی ٢٠٢٤ تاکو کاژمێر دوانزەی شەو لە بەردەم کۆمسیۆن ئامادە بووین بە لیستی کاندیدەکانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو تەوافقە سیاسییە نەکرا لە کوردستان لای خۆمانەوە ڕامان گرتووە و چاوەرێی قۆناغێکی نوێین کە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان بگەرێنەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ و تەوافقی سیاسی تێدا بکرێت و سەرجەم لایەنەکان بسازێن پاڵ پشت بە جەماوەری کوردستان ئەگەرنا بەم بارودۆخەی ئێستا ئاڵۆزییەکان زیاتر و زیاتر دەبن و زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی بە شەرەفی کوردستانە، بۆیە ئێمە لە بزووتنەوەی ئیسلامی نابینە بەشێک لەو ئاڵۆزیانە". 


AM:09:01:09/04/2024