مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لە جێبەجێکردنی داواكارییەكانیان دەكەنەوە و دەڵێن" بەمزووانە لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار لە بەغداد و لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان هەوڵ و هەنگاوی نوێ دەخەینەگەڕ".
ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٤ پەیامێكیان بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنن" ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ بەدەستهاتووە، بەرهەمی کاری پێکەوەی هەمووانە، نەک تەنها حیزب و ئەنجومەن و دەستە و کەسایەتییەک، بەڵام کار و خەباتی ئێمە زۆر لەوە گەورەترە، لە پێدانی تەنها دوو مووچەدا کورتبکرێتەوە، بۆیە ئەمە کۆتایی ڕێگاکە نییە و زۆرمان ماوە".
دەشڵێن" بەمزوانە لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار لە بەغدا و لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکانی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان و دیپلۆماتە خۆرئاواییەکان هەوڵ و هەنگاوی نوێ و کاریگەر دەخەینەگەڕ".
لە ماوەکانی ڕابردوودا دیارترین داواکارییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانبەرانی نارازی بریتی بوون لە:
١. دامەزراندان و بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی وانەبێژ.
٢. جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و بە نیشتیمانیکردنی مووچە لە ڕێی بانکە فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵەوە.
٣. دیاریکردنی چارەنووس و گێڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو مووچە و بڕە پارانەی بە هەر ناوێکی ترەوە لە مووچەکانیان بڕاون.