دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت" هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی باندێکی چوار کەسیان بە تۆمەتی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیرکردووە".
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی/ ناوشار بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، لە چەند هەڵمەتێکدا توانیان سەرجەم ئەندامانی باندێک دەستگیربکەن کە لە مانگی ڕەمەزاندا دۆلاری ئەمریکی ساختەیان بە دووکاندار و فرۆشیاران داوە، لە پێناو ساغکردنەوەی پارە ساختەکەیان و دیناری عێراقیان وەرگرتووەتەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ژێر چاودێری هێزەکانیان و بە مەبەستی دەستگیرکردنی تەواوی ئەندامانی باندەکە و کۆکردنەوەی سەرجەم دراوە تەزویرەکە، توانرا سەرجەمیان دەستگیربکرێن و دەست بەسەر تەواوی پارەکەدا بگیرێت.
هەروەها دەشڵێت" تۆمەتباران تەمەنیان لە نێوان (٢٤ بۆ ٣٠) ساڵیدایە و دانیشتووی شاری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵن، لە ئێستاشدا سەرجەمیان بە ماددەی (٢٨١) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".