٣٦ ساڵ بەسەر یادی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد تێپەڕ دەبێت

ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ بەسەر یادی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی بەعسدا تێپەڕ دەبێت کە تێیدا ١٨٢ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بێسەروشوێن کران.

ئەمڕۆ یادی ٣٦ ساڵەی قوربانیانی شاڵاوی ئەنفالی گەرمیان لە چەمچەماڵ کرایەوە  و ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە لە مۆنۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ بەڕێوە چوو.

هەر بەم بۆنەشەوە هەریەکە لە سەرۆکی ( ماوە بۆ درێژکراوەی )هەرێم و سەرۆکی ( ماوە بۆ درێژکراوەی) حکومەتی هەرێم لە ساڵیادی ئەنفالدا داوای قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان دەکەن و سەرۆکی یەکێتیش دەڵێت" ناکرێت بە هۆی بەرژەوەندی حزبی و کەسییەوە ئامانجە باڵاکان بکەینە قوربانیی ململانێیەکی ناڕەوا و ناپێویست".

ئەنفال کە بە جینۆسایدی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق بە هەشت قۆناغ کرا و کە هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق، کەتیبەکانی بەناو بەرگری نیشتمانی تێدا بەشداربوون و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی ٢٠٠,٠٠٠ چەکدار دەبوون. لە تەواوی قۆناغەکاندا ١٨٢,٠٠٠ هاووڵاتیی سڤیل بێسەروشوێن کران و زیاتر لە ٤٥٠٠ گوندیش خاپوور و وێران کرا.



AM:11:09:14/04/2024