پاش ئەوەی دوێنێ پێجشەممە لەچیای شەنگال خۆپیشاندانێك سازكراو خۆپیشاندەران داوایان كرد هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو چیایە نەمێنێت، فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لەشەنگال ئەوە بە پیلانگێڕی پەكەكە ناولێدەبات.
لەمبارەیەوە تەمەر كۆچەر ، یەكێك لە فەرماندەكانی هێزی پیشمەرگە لەچیای شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند كە ئەوە كاری پارتی كرێكارانی كوردستان PKKیە و، كادیر و كامێرامان و شەڕڤانەكانی PKK لەگەڵیاندابوون.
هاوكات قاسم شەشۆ ، فەرماندەی جەنگاوەرانی كوردی ئێزدی و هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگالەوە لە لێدوانێی تەلەفۆنیدا لەوبارەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند " خۆپیشاندان لە هەموو جیهان دەكرێن ، بەڵام ئەوەی دوێنێ بێ ئەخلاقییەك بوو ، كە بە هاندان و پیلانی حیزبێك بوو، دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و پێشمەرگە"، هەروەها لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی " ئەوانەی بەناوی خۆپیشاندانەوە هاتبوون ، ئۆتۆمبێلەكانیان شكاندن ، هێرشیانكردە سەر نەخۆشخانە و هێرشیانكردە سەر پێشمەرگە ، بەڵام پێشمەرگە زۆر بە تەحەمول بوون و هیچ وەڵامیان نەدایەوە ، چونكە دەیانزانی پیلانێكە . ئەوانەی لەگەڵ خۆپیشاندەرەكان هاتبوون ، چەكیان پێبوو ، خۆیان بۆ ئەوە ئامادەكردبوو كە پێشمەرگە وەڵامبداتەوەو بیكەنە شەڕ بە چەك . ئەوان دەیانویست ئێمە شەڕ بكەین ، بەڵام پێشمەرگە ئەو پیلانەی بە تەحەممولەوە پووچەڵكردەوە".
هەروەها قاسم شەشۆ وتی " خەڵكی شنگال پێشمەرگەی خۆشدەوێت و خۆیان پێشمەرگەن ، ئەوان خەڵكیان پاراست و رێگەی رزگاربوونی خەڵكیان كردەوەو ، حیزبی دیكەش لە راگەیاندندا تەنیا قسەی گەورە دەكەن و، دووبەرەكی دروستدەكەن بۆ بەرژەوەندی حیزبی ، لەو بارودۆخە خراپەی كە دەڤەری شنگال تێیكەوتووە".
هەروەها وتی " نازانم چۆن حیزبێك خۆپیشاندان دژی حیزبێكی دیكە دەكات ، ئەو چەند كەسەی هێنابوویانن بێ خاوەن بوون ، دەیانویست دوای سەرگرتنی پیلانەكە خۆیان لێبكەن بە خاوەن "، قاسم شەشۆ گوتیشی " ئێمە ئەمجارە هیچمان پێنەگوتن و لێیان خۆشبووین ، بەڵام جارێكی دیكە هەر ئاژاوەو پیلانگێڕییەكی بەوشێوەیە بكەن ، حیسابی داعشیان بۆ دەكەین و وەك داعش لەوانیش دەدەین ".
هەروەها وتیشی " ئەو حیزبە پیلانگێڕە و هەموو ئەوانەی دیكەش دەبێ بزانن ، كە شنگال هەمیشە لەگەڵ پارتی و سەرۆك بارزانی بووەو ، هەمیشەش لەگەڵ پارتی و بارزانی دەمێنێتەوە ، پێشتر پێكەوەبووین و تا مردنیش پێكەوە دەبین، هەر پارتی و بارزانیش دەتوانن شنگار رزگار بكەن و بپارێزن ، بۆیە پێیاندەڵێین جارێكی دیكە بیر لەكاری بێ ئەخلاقی لەو شێوەیە نەكەنەوە، لەكاتێكدا كە كوردی ئێزدی و هەموو خەڵكی كوردستان بریندارە".