"لە ئێستادا گۆیژە کرێکاری تێیدا نەماوە و فەرامۆشکراوە"

بەڕێوەبەری دارستانی گۆیژە ڕایدەگەیەنێت" لە ئێستادا گۆیژە کەسی تێیدا نەماوە و نەتوانراوە وەکو پێویست خزمەتبکرێت و سەوز بکرێت". 

ڕەئوف بایز بەڕێوەبەری دارستانی گۆیژە، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە پەیجی (سپی) بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە" ڕووبەری گۆیژە نزیکە لە حەوت دۆنم کە نزیکی ٨٧٠ داری تیابووە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا زنجیرەیەک سووتان بووە هۆکاری ئەوەی ڕووبەرێکی باشی لێ بسوتێت و لە ناو بچێت، هەموو ساڵێک چاندنەوە دەکەین لە شاخی گۆیژە ئەو بەشانەی کە سوتاون لە ڕابردوودا دروستیان دەکەینەوە و ساڵانە بەپێی توانا خزمەتی دارەکان دەکەین". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێکی گۆیژە چەند ڕەزێک بوون و بەدەست خەڵکەوە بوون، بەڵام لە ئێستادا کە ئەم شوقە بەرزانەی تێیدا دروستکراوە لەو زەویانەدا کراون کە کرابوون بە ڕەز.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردەمی ڕابردوودا شاخی گۆیژە بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٤٧ دامەزراوە بە دواوەش ١٥٠ کرێکاری هەبووە کە ئیشیان تێیدا کردووە و ٤٠ پاسەوان و ٣٠ بۆ ٣٥ فەرمانبەریشی هەبووە، بەڵام هەر نەتوانراوە وەکو پێویست خزمەتبکرێت و سەوز بکرێت. 

بەڕێوەبەری دارستانی گۆیژە باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا کرێکار و فەرمانبەری تێدا نەماوە و خانەنشینکراون، بەوهۆیەشەوە گۆیژە کەسی تێدا نییە و بە تەنها ماوەتەوە ئەوەی هەیە کرێکاری دەرەکییە و بۆچەند ڕۆژێک کاری تێدا دەکەن. 

بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک لەم لینکە بکە


PM:11:08:15/04/2024