چەند پاسەوانێکی عەتا سەراوی دەستبەسەر دەکرێن

هێزێکی ئەمنی ئێوارەی ئەمرۆ چوونەتە سەر ماڵی عەتا سەراوی لە گەڕەکی سەرچنار و چەند پاسەوانێکیان دەستبەسەرکردووە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی نیوەرۆی ئەمڕۆ هەینی لە گەرەکی سەرچنار کە لە ئۆتۆمبیلێکی ئەو ئەندامەی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی دا روویدا.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " بڕیارێک هەیە لەلایەن سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کە سەرجەم ئەو ئۆتۆمبیلانە وەربگیرێنەوە کە لەلای ئەندامانی سەرکردایەتی پێشوو بوون زۆرێک لە ئەندامانی پێشوو ئۆتۆمبیلەکانیان رادەستی یەکێتی کردۆتەوە، چەند ئەندامێکیان ماون کە یەکێکیان عەتا سەراوی بووە.

تەقینەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆی گەرەکی سەرچناو لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی عەتا سەراویدا، گومانێک لەلای هێزە ئەمنییەکان دروستبووە کە ئەم تەقینەوەیە دروستکراوبێت، هەر بۆیە ئاسایش چوونەتە سەر ماڵەکەی و چەند پاسوانەکانیان گرتووە تا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن.

" سپی " بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە پەیوەندیکرد بە عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتییەوەو پشتڕاستی ئەو زانیاریانەی کردووە کە لێکۆڵێنەوە لە پاسەوانەکانی دەکەن و ئەو لای خۆشیەوە وەک بە " سپی " راگەیاند چەند پاسەوانێکی ماڵەوەشی ناردووە تا لێکۆڵێنەوەیان لەگەڵدا بکرێت. 

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " هێزە ئەمنییەکان کامێرا نزیکەکانی شوێنی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکەشیان بردووە بۆ لێکۆڵێنەوە.

دوای رووداوەکە بە دوو کاتژمێر دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" پاش ئەوەی ڕۆژی ٢٠٢٤/٤/١٩کاتژمێر١٢ لەگەڕەکی شەهیدانی سەرچنار، ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک روویدا و هیچ زیانیکی گیانی لێ نەکەوتەوە و دەست بەجێ لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی ئاسایش لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستیپێکردووە". 
 
بەهۆی تەقینەوەکەی ئۆتۆمبیلەکەی عەتا سەراوی دوو ئۆتۆمبیلیش گڕیان گرت و زەرەریان پێکەوت، عەتا سەراوی بە میدیاکانی راگەیاندبوو کە چەند مەترێک دوای دابەزینی ئۆتۆبیلەکە تەقیوەتەوە.

سەراوی بە " سپی " راگەیاند کە ئەو چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان دەکات. 

پشێتریش دوای رووداوەکە بە (دەنگی ئەمەریکای)راگەیاندبوو" من لە ماڵەوە سەر سەیارە کەوتم بە بێ کێشە تا لەو جێگەیە دابەزیم، هەر کە دابەزیم، سەیارەکەم تەقییەوە، شوکر خۆم سەلامەتم، بەڵام جگە لە سەیارەکەی خۆم کە لە جۆری نیسان پاتڕۆڵە، سەیارەی هاووڵاتیانی دیکەش زەرەریان بەرکەوتووە".


PM:07:31:19/04/2024