کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٤ ژمارەی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرد.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند" ژمارەی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا، بە جۆرێک ژمارەی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی جیاوازییان دەبێت و لەدەنگدانی گشتیدا هەزار و ٢٦٦ ناوەندی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا دەکرێنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ دەنگدانی تایبەتیش ١٦١ ناوەندی دەنگدان دەکرێنەوە کە ٧٤٦ بنكەی دەنگدان لە خۆدەگرێت و سەرجەمیان لە ژێر چاودێری كامێرادان، زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگدەریش ناوی خۆیان تۆمارنەکردووە و مافی دەنگدانیان نییە.
بڕیارە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت کە پرۆسەکە بە سیستمی چوار بازنەی بەڕێوەدەچێت و لایەنەکانی هەرێم کێبڕکێ لەسەر (١٠٠) کورسی پەرلەمان دەکەن و کۆمسیۆنی عێراقیش سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات.