سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بە بۆنەی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەگەری کوردیەوە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت" لەم یادەدا داكۆكی له زهمینه و ژینگهی هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا دهكهمهوه".
لەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانی کە ئەممرۆ ٢٢ ی نیسان بڵاویکردەوە هاتووە" لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە ڕۆژنامەنووسان دهكهم پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن له ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته و زمانی زبر".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
(١٢٦)مین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی ڕەوانشاد (میر میقداد بەدرخان) و (٢٦)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، بهگەرمی لە تهواوی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان پیرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا داكۆكی له زهمینه و ژینگهی هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا دهكهمهوه بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیاریانه ڕۆڵی پیشەییی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی ڕای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسی و کرانەوەی كۆمەڵگەدا.
لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە ڕۆژنامەنووسان دهكهم پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن له ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته و زمانی زبر، ههروهها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سهقامگیریی سیاسی و پارێزهری بهرژهوهندیی باڵای گهل و نیشتمان بن.
هاوکات ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییهکانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێ لایهنه پهیوهندیدارهكان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كهیسێكی بواری ڕۆژنامەوانیدا بکەن.
سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامهگەریی كوردستان تەرخان كرد.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤