پارتی: هەڵوێستەكانمان دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەگۆڕاوە

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" هەڵوێستەكانمان دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەگۆڕاوە،  و وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگری لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین".

مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی حزبەکەی سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند" وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان ئەو یاسایەی بۆ هەڵبژاردن دانراوە کۆک نەبووین".

وتیشی" ئەگەر ئەو شێوازە لە هەڵبژاردن بمێنێت، ئەوا هەڵوێستەکانمان دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناگۆڕێت".

ڕۆژی (١٨ی ئازاری ٢٠٢٤) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە ڕۆژی (٢١ـی شوباتی ٢٠٢٤) کە دوای ١١ جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری دا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کە ١١ کورسین، هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی کەم دەبنەوە.


PM:08:44:24/04/2024