وتەبێژی حکومەتی هەرێم: هەژماری من، ئەولەویاتی حکومەتی هەرێمە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان( ماوە بەسەرچوو) ڕایگەیاند" پرۆژەی "هەژماری من" لە پرسی موچەدا "ئەولەویاتی" حکومەتی هەرێمی کوردستانەو، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، " هەر چارەسەرێک لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر حسابی پڕۆژەی هەژماری من ڕەتدەکەنەوە".
ئەمڕۆ پێنج شەممە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" گەر هەژماری من قەبوڵ نەکرێت جۆرێکە لە بیانوگرتن و گێچەڵ کردن، چونکە ئەوەی لەناو هەژماری مندا هەیە زۆر زیاترە لەوەی لە عێراق کراوەو پێیدەوترێت تەوتین."

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەشڵێت " تەوتین تەنها کارتێکی موچەوەرگرتنە نەک هەژماری بانکی و بەشێک لەو بانکانەش نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، بۆیە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین و چارەسەرەکەش لەسەر حسابی دەستبەرداربون نییە لەهەژماری من. فەرمانبەری عێراق سەرپشک کراوە لە بانکی ئەهلی یان حکومی تەوتین بکات، بۆچی بۆ فەرمانبەری هەرێم ئەمە سنوردار کراوە؟"

حکومەتی عێراق تا ئێستا پێداگری دەکات لەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە دابینبکرێت.



PM:11:21:25/04/2024