فاروق مەلا مستەفا:نووزە نووزی ساختە‌و درۆ ئەنجامی سەر شۆڕییە بۆ خاوەنەکانیان

لەسەر ئەو هەواڵانەی لە تۆری کۆمەڵایەتی فیەسبووک بڵاوکراونەتەوە دەربارەی ئەوەی کە گوایە کوڕێکی وەبەرهەمهێنی ناسراوی کوردستان، فاروقی مەلا مستەفا بازرگانی نەوت دەکات لەگەڵ دوژمنانی گەل، فاروقی مەلا مستەفا دەڵێت" نووزە نووزی ساختە‌و درۆ ئەنجامی سەر شۆڕییە بۆ خاوەنەکانیان".

ناوبراو لەتۆری کۆمەڵایەتی فەیس بووک دەڵێت"ماوەیەکە وە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو دەسپێشخەرییانەی ئێمە دەیانکەین بۆ پێشخستنی گەل و وڵات، سەرەڕای ئەوەی کە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیان ملیۆن دۆلارمان بۆ کۆمەڵگا و پێشخستنی بوارەکانی پەروەردە، ژنان، لاوان، وەرزش، خوێندنی باڵا، هونەر، ئەدەب، خاوەن پێداویستی تایبەت، تەندروستی،ژینگە وەک پرۆژەی خێرخوازی تەرخانکردووە ئەمە بێجگە لەو هەموو پرۆژە بە کەڵکانەی بەردەوام پێشکەش بە سلێمانی و کوردستانی دەکەین، ئا لەم کاتەدا دەنگێکی پساوی نەخۆش کە بێجگە لە دوژمنایەتیی کردنی هەموو چاکە و جوانییەک هیچ پێشکەش بەم گەلە سەربەرزە ناکات، ئەو نووزەیەی ئەو نەخۆشە بەسەزمانە بە ناوی خوازراو یا تەزویرەوە ئەمجارە لە فەیسبوک دا تومەتی ئەوە بۆ ئێمە دروست دەکات کە گوایە ئێمە هەندێ بازرگانیی نەوت لەگەڵ شوێنێکی دوژمن بە گەلەکەمان دەکەین!!".

ئەو وەبەرهەمهێنە دەلێت:لە کاتێکدا ئێمە کە هەموو کارەکانمان ئاشکرایە و دروشمی ئەوەمان بەرزکردۆتەوە : "هەر کارێک بکەین ئەبێ بە ئاشکرا بێت وبە سەربەرزییەوە بڵێین کە دەبێت لە خزمەتی گەل و نیشتمان و پێشکەوتنیاندا بێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا".

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە خاوەنی ئەو نووسینە "ئەگەر تۆزێک دەماری مەردایەتییی هەڵسێت و بە ناوی خۆیەوە شت بنووسێت یا هەر دۆکۆمێنت یا بەڵگەیەکی هەیە بیدات بە لایەنە یاساییە پەیوەندیدارەکان".

لەکۆتاییدا فاروقی مەلا مستەفا دەڵێت" بەری رۆژیش بە بێژنگ ناگیرێ و هیچ هێزێکیش نییە بتوانێ مێژووی تێکۆشان و کارە جوانەکانی ئێمە ناشیرین بکات و ناومان بزڕێنێ".



PM:05:45:18/10/2014