زانیاری نوێ سەبارەت بە مووچەی مانگی ٤ی مووچەخۆرانی هەرێم راگەیەنرا

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لەم دوو ڕۆژە کێشەکانی تەکنیکی ناردنی مووچەی مانگی چوار چارەسەر دەکرێن و ڕەوانە دەکرێت"، و دەشڵێت" سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ بەغدا و فاکتەرێکە بۆ ئەو کێشانەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە چارەسەر بکرێن".

د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاندووە" سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان ھەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو باشتر بچێت و دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی ڕێگا خۆش بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەت ئەو کێشانەی ماون".

ڕاشیگەیاندووە" لەم دوو ڕۆژە کێشەکانی تەکنیکی ناردنی مووچەی مانگی چواریش چارەسەر دەکرێن و ئەویش ڕەوانە دەکرێت، بەھۆی ئەوەی لە مانگی ڕابردوو ئەو جۆرە کێشانە ھەیە، بەڵام چارەسەر دەکرێن و کێشەی تەکنیکین".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت" گفتووگۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی ھەموو لایەکدایە، بۆیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەکان چارەسەر بکرێن و بگەنە ڕێککەوتن".

ئەمە لەكاتێكدایە، كە مانگی ٤ تەنها یەك ڕۆژی ماوە، بەڵام هێشتا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە ڕەوانە نەكراوە و دابەشكردنی دواكەوتووە و ئەوەش جارێكی دیكە نیگەرانی مووچەخۆرانی لێكەوتۆتەوە، كە لە مانگی ڕابردوودا بەهۆی دابەشكردنی مووچەی دوو مانگی ٢ و ٣ لە ماوەی دوو هەفتەدا مووچەخۆران گەشبین بوون بە چارەسەركردنی كێشەی مووچە.


PM:05:15:29/04/2024