کونسوڵی گشتی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت" واشنتن لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچونی گۆڕانكارییەكان دەكات".
ئەمڕۆ دووشەممە مارك سترۆ كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم لەگەڵ كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەکالەت کۆبووەوە و سەبارەت بە هێرشەکەى سەر کێڵگەى غازی کۆرمۆر گفتوگۆیان کرد.
کونسوڵى ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند" وڵاتەکەى بە توندى سەرکۆنەى هێرشەکەى سەر کۆرمۆر دەکات و بۆ رێگرى لەو هێرشە تیرۆریستییانە پاڵپشتى لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق دەکات".
وتیشى" وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى لە نزیکەوە چاودێرى و بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکان دەکات و هەوڵەکانى بۆ پشتگیرى لە ئارامى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان و رێگرتن لە بەزاندنى سەروەرى عێراق بەردەوام دەبێت".
هاوکات لای خۆشیەوە وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت وتی" جارى نۆیەمە هێرشدەکرێتە سەر کێڵگەى کۆرمۆر و زیان بە ئابووری هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق دەگەیەندرێت"، داواشیکرد ئەمریکا هەوڵەکانى چڕبکاتەوە بۆ پاراستنى ژێرخانى وزە و ئابووری هەرێمى کوردستان.
ئێوارەی ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە کێڵگەى غازى کۆرمۆر لە سنوری قەزای چەمچەماڵ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کارمەند گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون.