پۆلیسی سلێمانی کەسێکی بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کەسە دەستگیر کردووە کە ئەمڕۆ لە ناحیەی زەڕایەن بە گولـلە کوژرا و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردووە کە لە ناحیەی زەڕایەن تەقەی لە کەسێک کردووە و کوشتوویەتی".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە" تۆمەتبارەکە دوای کوشتنی ئەو کەسە، بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتبوو، بەڵام پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە کە توانراوە لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنەوە دەستگیر بکرێت.
ئێستادا تاوانبار (م، ع، س) کە لەدایکبووی ١٩٨٣یە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر ٤:١٠ لە هەڵەبجەی تازە لە شارۆچکەی زەڕایەن گەنجێک لەلایەن کەسێکەوە بەهۆی کێشەیەکی عەشایرییەوە بە پێج فیشەک کوژرا.