" ئەو کاتەی یەکەم رۆژنامەنووس تیرۆرکرا گەر حکومەت بهاتایەتە دەنگ، ئەوانی تر تیرۆر نەدەکرا "

کاروان ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت:"ئەو کاتەی یەکەم ڕۆژنامەنوس تیرۆرکرا ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و سەندیکاکەی من کە هی ڕۆژنامەنوسانە بەجدی بهاتنایە دەنگ و بکوژانیان دەستگیربکردایە بەدڵنیاییەوە ڕۆژنامەنوسی دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم تیرۆر نەدەکران."

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کاراون ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت" "خاڵی نەنگی هەرێم ئەوەیە کە زانیاری بۆ هەندێک ڕۆژنامەنوس بەردەستە بۆ ئەوانی تر بە گشتی بەردەست نین".

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی چەندایەتی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هیچ گرفتێک نییە، چونکە نزیکەی ١٧٠٠ دەزگای ڕاگەیاندن بە جۆراوجۆرییەوە هەیە، هەروەها نزیکەی نۆ هەزار ڕۆژنامەنوس ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانن".

" سەردەمی زێڕینی ئازادی ڕادەربڕین لە ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٢بوو، کە میدیای ئەهلیش هەبوو، لە دادگا کەیسەکان یەکلایی دەکرانەوە لە دوای ٢٠١٢ کێرڤەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، لێرە و لەوێ چەند ڕۆژنامەنوسێک تیرۆر کران، بەداخەوە تائێستا کەیسی تیرۆرکردنی پێنج ڕۆژنامەنوس یەکلایی نەکراوەتەوە"، (کاروان ئەنوەر بەم شێووەیە دەدوێت).

کاروان ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کیرڤەکە لە هەڵبەز و دابەزدایە، لە هەندێک ڕووەوە پاشەکشەمان لەئازادی ڕادەربڕین کردووە، چونکە پێشتر هیچ ڕۆژنامەنوسێک لەسەر وتن و نوسین و چات و گروپی چات کەس حکوم نەدرابوو، دەشڵێت" ئێستا دەبینین کۆمەڵێک حکومدراومان هەیە، لە ڕاپۆرتە نێوەدەوڵەتییەکان ئاماژەی پێدەکرێپ، جگە لە کۆمەڵێک کۆت و بەند کە بۆ ڕۆژنامەنوسان دروستکراون، هەر لەگرێبەستی کار و ڕێگەنەدان بەڕوماڵ و هاتوچۆ، بۆیە ناتوانم بڵێم لە ١٠٠% پاشەکشەی کردووە بەڵام دەتوانم بڵێم، بە بەراورد بەساڵانی تر چوارچێوەی کارکردنەکەی لێ تەسککراوەتەوە".



AM:12:00:03/05/2024