"عێراق و هەرێم نزیکن لە چارەسەری هەژماری بانکی و تەوتین"

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم نزیکن لە چارەسەری هەژماری بانکی و تەوتین". 

کاروان یاروەیس  ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" بڕیاری دادگای باڵای فیدرالیە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان مانگانە لە بەغداوە دێت، پێویست ناکات خەڵک نیگەران بکەن، بڕیارەکانی دادگا هێندە بێهێزنین وەزیرێک بتوانێ جێبەجێیکردنی رابگرێت". 

دەشڵێت" هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدرالی نزیکن لە چارەسەری ئەژماری بانکی و تەوتین، نووسراوەکەی حکومەتی هەرێم روون نیە ئایا بانکی TBI وەک بانکەکانی تر بەشدار دەبێت لە تەوتین لە چوارچێوەی (هەژماری من) یاخود خۆی بە تەنها پرۆسەکە دەکات؟". 

کاروان یاروەیس ڕاشیگەیاندووە" ئەم بانکە متمانە پێیکراوە، مووچەی زۆربەی سەرۆکایەتیەکان و پلە تایبەتەکان و دامەزراوە گرنگەکانی عێراق لای ئەوان تەوتین کراوە بە پەرلەمانی عێراقیشەوە، لە زۆربەی وڵاتان کارتەکەی دەتوانرێ بەکاربهێنرێ و بانکێکی فیدرالیە". 

هەروەها لای خۆشیەوە عەلی حەمەساڵح سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاندووە" لە ڕێگای تەوتین ڕاستەوخۆ لەگەڵ موچەخۆرانی عێراق، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهەمان سیستم و بانکی دابەشدەکرێت، لە کاتی ناکۆکیە سیاسیەکاندا، تاڕادەیەکی زۆر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پارێزراوترە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین جۆری قەرز و خزمەتگوزاری لە بانکەکانی رەشید و ڕافیدەین هەیە، ئەمە لە بانکە ئەهلیەکانی (هەژماری من) نیە، هەشبێت سودێکی زۆری دێتە سەر و باس لە ١١٪ دەکرێت. 


PM:02:49:04/05/2024