ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڕەکی شادی هەولێر شەڕ لەنێوان دوو دراوسێ دروست بووە، بەهۆی شەڕەکە سێ کەس بریندارن و تەندروستی یەکیان باش نییە.
موقەدەم ئەردەلان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەو دوو خێزانەی شەڕەکە لە نێوانیان روویداوە دراوسێی یەکترن و کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەمێژینەیان هەیە، بەشێکی زۆری ئەوانەی شەڕەکەیان کردووە دەستگیرکراون".
وتیشی" هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لەشوێنی رووداوەکەن و دۆخەکە ئاسایی کراوەتەوە".
بە گوێرەی زانیارییەکان یەکێکیان گولـلەیەک بەر رانی کەوتووە و حاڵی باش نییە، دووانەکەی دیکە بە بۆکس زامدار کراون و هەر سێیانیان هی یەک خێزانن.
گەڕەکی شادی دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر نزیک شەقامی ١٠٠ مەتری.