"پێویستە زانکۆکان هاوکارمان بن لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە"

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت" پێویستە زانکۆکانمان هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشە ڕێگەیەکی زانستییانەوە، هاریکاری حکومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازی هەمەلایەنەی خۆی بدات". 

مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ یەکشەممە له‌ میانی پێشکەشکردنی وتارێكدا له‌ دیداری خوێندنی باڵای هەرێم و ئوردن لە ژێر ناونیشانی (وێناکردنی ئایندە له‌ ڕێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێر، رایگه‌یاند" پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان کە دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدابن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان". 

وتیشی" ڕاستە لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان هەبێت، هەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین، پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە، هاریکاریی حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنەی خۆی بدات". 

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند" ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە زانکۆکان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەر و کارای خۆیان نەک تەنیا وەک مەڵبەندێکی زانستی فێرکاری و پێگەیاندنی نەوەکانمان بگێڕن، بەڵکوو دامەزراوەیەکی زیندووی ڕۆشنگەری و بزوێنەری نوێخوازی و داهێنانیش بن". 

بارزانی دەشڵێت" هەمیشە خوازیاری ئەوەین کە ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەگشتی هەبێت، لەم چوارچێوەیەشدا، هەمیشە هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت لە دابینكردن و پاراستنی سەقامگیریدا، چونکە تەنیا لە دۆخێکی سەقامگیردا، دەتوانین کار لەسەر پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو بوارەکاندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، کە ئێمە لە ڕووی سامانی مرۆیی و ماددییەوە، هیچمان لەو کۆمەڵگەیانە کەمتر نییە و تەنیا بارودۆخێکی ئارام و سەقامگیر و بەڕێوەبردنێکی ژیر و زانستی و داهێنەرانەمان پێویستە بۆ ئەوەی لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بین". 



PM:02:08:05/05/2024