"ناوی مامۆستایانی وانەبێژ رادەستی سەرۆك وەزیرانی عێراق کراوە"

وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" نوسراوێکی تایبەتی گەیاندووەتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە دەرچووە، بە ئامانجی دانانی وانەبێژان لە قوتابخانەکان و بازنەکانی پەروەردەی لە هەرێمەکەدا". 

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شاری هەولێر سازکرا ڕایگەیاند" لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوودا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکە نزیکەی ٤٥ خولەکی خایاندووە، هەروەها نزیکەی ١٥ خولەکی بەسەربردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ سودانی باسی ئەو شایستە داراییانەی کردووە کە پێویستە وانەبێژان وەریبگرن، وەک هەموو مامۆستایانی تری عێراق. 

وتیشی" رۆژی ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٤ بەرێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان نوسراوێکی ئاراستەی دیوانی وەزیری دارایی عێراق کردووە سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ".

ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لە بەغدا، نوسراوی دامەزراندنی مامۆستایان گەیەنرایە جێگری بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق، بەو پێیەی بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری لەو کاتەدا لە میسر بووە. 

بە وتەی ئالان حەمە سەعید جگە لەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ دانانی وانەبێژی ناردووە بۆ بەغداد، خۆی نوسراوێکی دیکەی فەرمی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە بۆ هەمان مەبەست دەرچووە و گەیاندووەتە دەست سودانی.



PM:03:38:05/05/2024