سودانی: بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم پەیوەندی بە هەژماری منەوە نییە


سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سنور بۆ هەموو ئەو ناکۆکیانە دادەنێت کە لەسەر " هەژماری من " کراوەو دەڵێت" بە بانکیکردنی موچەی هەرێم لەلایەن تی بی ئایەوە پەیوەندی بە هەژماری منەوە نییە و بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تی بی ئای دەست دەکات بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".

ئەمڕۆ یەک شەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بانکی بازرگانی سودانی سەرۆک وەزیران بەپێی راگەیاندنی نووسینگەکەی وتی" بانکی تی بی ئای لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی هەژماری بانکی بۆ ٧٠٠ هەزار هەزار مووچەخۆری هەرێم دەکاتەوە".

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوەش کراوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی كرد بۆ بەدواداچوون بۆ کارەکانی بانکی بازرگانی عێراق (TBI). ڕاشیگەیاندووە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەسەر هەڵسەنگاندنی کارەکانی بانکی بازرگانی عێراق (TBI)و بەشدارییەکانی لە بواری دارایی و گەشەپێدانی ئابووری وڵات. 

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، سودانی ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی بانکی بازرگانی عێراق کرد لە پاڵپشتیکردنی دامودەزگا حکومییەکان و کەرتی تایبەت، هەروەها ڕۆڵی ئەو بانکە، وەک دامەزراوەیەکی بانکی، لە پاڵپشتیکردن و بوژاندنەوەی ئابووری عێراق. جەختیشی كردەوە لەسەر "پەرۆشی حکومەت بۆ پەرەپێدانی کارەکانی بانکەکە و چارەسەری ئەو کێشە و ئاستەنگانەی، کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە”.

 لە كۆبوونەوەكەدا نەخشەڕێگایەک پەسەند كرا، بانکەكە بتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ کۆکردنەوەی قەرزە خراپەکانی قەرزوەرگرەکان، بەپێی بنەما نەرم و دادپەروەرەکان. ئەمەش بۆ پێشخستنی کارەکانی بانکی بازرگانی عێراقە بۆ باشترین ئاستەکان، هاوتەریب لەگەڵ پێداویستیەکانی بەرنامەی حکومەت لە پەرەپێدانی قەرزی بانکی و پەرەپێدانی ئەم کەرتە و دەستەبەرکردنی خێرایی گەشەکردن و پێشکەوتن لە ئابووری عێراقدا.



PM:10:46:05/05/2024