لە هەولێر ئاگردەکەوێتەوە، لە سلێمانی بۆ روونەدانی رووداوی نەخوازراو رێکاری توند دەگیرێتە بەر

ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی هات کە لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە بۆ دوکاندارەکان دیاریکرابو بۆ ئەوەی لە شەواندا کاڵاوشمەکەکانیان ببەنە ژورەوە و بەپەردە روپۆشی نەکەن، لە سبەینێوە رێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی دەکەن.

‏‎نەقیبی پۆلیس، بابان محەمەد، نوێنەری بەرگری شارستانی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند" بەپێی ئەوخشتەی کە لەلایەن لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەکانەوە دانرابو بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتییەکانی کارەبا، کامێرای چاودێری، لایەنی سکویریتی و مەرجەکانی بەرگری شارستانی لە دوکان و بازاڕەکاندا، بە خۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆری دوکاندارەکان پابەندبون و چارەسەری کەموکورتییەکانیان کردوە".

‏‎وتیشی" لە قۆناغێکی دیکەی کارکردنی لیژنەکەدا، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی سەرجەم دوکاندار و بازاڕەکان بو کە پێویستە لە شەواندا کاڵاوشمەکەکانیان ببەنە ژورەوە و دەڕابەی دوکانەکانیان دابخەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت مەترسی رودانی شۆرتی کارەبا و ئاگرکەوتنەوە روداوی نەخوازراو کەمبکرێتەوە".

‏‎نەقیبی پۆلیس بابان محەمەد ئاماژەی بە ئەوەکرد، جارێکی دیکە بەشێک لە خاوەن شوێن و دوکاندارەکانی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە ئەمرۆ دوشەممە (٦ی ئایاری ٢٠٢٤) دوا وادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێنماییە و لە به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی له‌ سبەینێ رۆژی سێشەممەوە  رێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی دەکەن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان و پۆلیسی رێكاری و هێزه‌ئه‌منییه‌كانی راسپاردوه‌ بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن"‌.

‏‎ئەوەشیخستەڕو" جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەی بەرگری شارستانی، لەپێناوی بەرژەوەندی دوکاندار و کاسبکاراندایە، کە ئامانجی سەرەکی کاری لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییە، هەر بۆیە بەدڵنیاییەوە لە کاتی پابەندنەبوندا سەرپێچیکاران روبەڕوی یاسا دەکرێنەوە، هیوادارین سەرجەم شوێنەکان پابەندبن".

ئەم راگەیەنەراوەی قائیمقامییەتی سلێمانی لەکاتێکدایە کە شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕێکی گەورەی شاری هەولێر لە دوای کاتژمێر ٨ دا کەوتەوەو، بەمەش بووە پێنجەم ئاگری گەورە کە لەم وەرزەدا لە بازاڕەکانی ئەو شارە کەوتۆتەوە و بووە هۆی سوتانی ٢٢٧ دوکان و حەوت کۆگا و ١٣٢ کەسیش برینداربوون.

ئەم ئاگر کەوتنەوە زۆرە لە شاری هەولێر بۆتە جێگای گومان لەلایەن زۆرێک لە دووکانداران و رای گشتی خەڵکی کوردستانەوە. 



PM:04:36:06/05/2024