مەسرور بارزانی سکاڵای لە سەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن تۆمارکرد
داوای راگرتنی رێوشوێنەکانی سازدانی هەڵبژاردن دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی  سکاڵای لەسەر سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركرد، و داوای راگرتنی رێوشوێنەكانی سازدانی هەڵبژاردن دەکات.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی( ماوە بۆ درێژکراوەی) حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركرد، و داوای لە دادگای فیدراڵی كردووە، فەرمانی سالاری بۆ راگرتنی رێوشوێنەكانی سازدانی هەڵبژاردن دەربكات.

سەرۆکی( ماوە بۆ درێژکراوەی) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەیدا دەڵێت" کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرپێچی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کردووە، چونکە کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی ژمارەی کورسیی بازنەکان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەک ژمارەی دانیشتووانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی ٤٩ی دەستووری عێراقە".

هەر لە سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، "ماددەی تانەلێگیراو سەرپێچی بڕگەکانی دەستووری کردووە، کە تیایدا هاتووە رەچاوی نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکانی گەل بکرێت".

 دەشڵێت "راستە ئەم بڕگەیە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام بنەمایەکە دەستوور پەسەندی کردووە و پێویستی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانە لە تەواوی دەسەڵاتەکانی یاسادانانن، بۆیە پێویستبوو کۆمیسیۆن رەچاوی هاوسەنگی بکات، بە دیاریکراوی تایبەت بە پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی".

بڕیارە رۆژی ١٠ی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوە بچێت و رۆژی هەینی ١٠ی ئایار هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبكات، بەڵام پارتی رایگەیاند" بەشداری لە هەڵبژاردن ناکات".



PM:06:03:06/05/2024