ئاسایشی هەرێم: ٧ چەکداری داعش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیرکران

ئەمشەو دووشەممە ٦ی ئایاری ٢٠٢٤ دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی ٧ چەکداری داعشی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگەیاند کە دووان لە دەستگیرکراوەکان پلەی ئەمیریان هەبووە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری ورد و چاودێری بەردەوامی ھێزەكانمان دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە دوو ئۆپراسیۆندا ٧ چەکداری داعش لە شارەكانی سلێمانی و ھەڵەبجە دەستگیر بكەن كە بەشێوەی نایاسایی سنوورەكانی ھەرێمیان بەزاند بوو بە مەبەستی گەیشتن بە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق". 

ئاسایشی هەرێم دەشڵێت" دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ووردی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بە دەستگەیشتنی زانیاری پشتڕاستکراوی هاوپەیمانان و هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هەڵگرتنەوەی پەنچەمۆری دەستگیرکراوان دەرکەوت سەرجەمیان لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی بەشداربوون و دووان لە دەستگیرکراوان پلەی ئەمیریان هەبووە و یەکێک لە تیرۆریستان شارەزای بۆرای بۆمب (عبوات) بووە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا سەرجەم گومانلێکراوان بە ماددەی "(٢)ی تیرۆر" دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.


PM:09:24:06/05/2024