هونەرمەندێكی ناسراوی عەرەب تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت

محەمەد عەبدو هونەرمەندی ناسراوی سعودیە ئاشکرایکرد کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و لە ئێستا لە قۆناغی وەرگرتنی چارەسەردایە.

محەممەد عەبدو لە تۆمارێکی دەنگیدا وردەکارییەکانی ڕەوشی تەندروستی خۆی بۆ کەناڵی (ڕۆتانا میوزیک) ئاشکراکرد و ڕایگەیاند کە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و لە ئێستاشدا لە شاری پاریس چارەسەری کیمیایی وەردەگرێت، هەروەها هەوادارانی دلنیا دەکاتەوە کە لە ئێستادا تەندروستی باشە. 

ئەوەشی خستەڕوو، تاکاتێکی نادیار سەرجەم کارە هونەرییەكانی، بەهۆی تەندروستییەوە راگرتووە. 

محەمەد عەبدو ساڵی ١٩٤٩ لە ناوچەی جازان لە باشووری سعودیە لە دایکبووە، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری دیاری سعودیەیە کە بە یەکێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی عەرەب دادەنرێت، بەشدارییەکی زۆری کردووە لە گۆرانی وتن لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و لیڤانت و باکووری ئەفریقا، هەروەها چەندین کۆنسێرتی لە جیهان ئەنجامداوە، دیارترینیان لە کەرنەڤاڵی جنێڤ، لەندەن، واشنتۆن و لۆس ئەنجلۆس بووە. 


PM:11:19:06/05/2024