دارایی هەرێم: جێگەی سەرسوڕمانە عێراق مووچەی مووچەخۆران نانێرێت

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" جێگەی سەرسوڕمانە حکومەتی عێراق تائێستا مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی دابیننەکردووە". 

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە" ئەوەی داواکاری عێراق بوو لە کوردستان هەمووی جێبەجێکراوه‌ هەر لە لیستی ناوی چواری تا لیستی هێزە ئەمنیەکان کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا و بە کۆد نێردرا بۆ بەغدا، ئیدی نازانین عێراق چی دەوێت لە کوردستان و جێگای پرسیارە، ئه‌گەر ئەمە بابەتێکی سیاسی نەبێت بۆ دواکەوتنی مووچە چی لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ دەکرێت؟".

وتیشی" بۆ مانگی چوار دوو ڕێکار هەبوو ئێمە هەردووکیمان گرتەبەر، یەکەم، ناردنی لیستی مووچە، دووەم تەرازووی پێداچوونەوە، ئێمە دوو هەفتە لە مەوبەر هەموو ئەم داواکاریانەمان ناردووە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی لای ئێمە جێگای سەرسوڕمانە ئێستا عێراق مووبەریری چییە کە مووچەی فەرمانبەرانی دواخستووە لە کاتێکدا ئەبینین کە لەوێ مووچە دراوە و کێشەی نەختینە نییە".

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری ده‌شڵێت" لیستی مووچەمان ناردووە و وردبینی کراوە، ئیدی بیانووی چییان هەیە نازانین، بۆیە نابێت مووچە ببەسترێتەوە بە هیچ کێشەیەکی دیکەوە، ئێمە لەسەرووی هەموو کێشەکانەوە دەرگامان کرایەوە لە مەسەلەی داهاتی ناوخۆ وتومانە، فەرموون بەسەرچاو هەرچی داهاتی فیدراڵی هەیە ئامادەین ڕادەستی بکەین لە مەسەلەی تەوتینن ئەوە هەژماری مننمان هەیە هیچ گرفتێکی دروستنەکردووە و گرفتێکی تەکنیکی و یاسای لەسەر پرۆژەکە نیە، بەو هیوایەین مەبەستەکەیان تەنها بۆ ئەوە نەبێت بیانەوێت جارێکی دیكه‌ کێشە بۆ مووچە دروستبکەن".


AM:08:43:07/05/2024