نێچیرڤان بارزانی: تائێستا رۆژی هەڵبژاردنم نەگۆڕیووە

نێچیرڤان بارزانی ڕایدەگەنێت" لە هیچ کۆبوونەوەیەک باسی گۆڕینی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێم نەکراوە و تائێستاش ڕۆژەکەم نەگۆڕیوە". 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" ئەم سەردانە سەرەتای قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە و كۆبوونه‌وه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ باشی به‌ڕێوه‌چون، سوپاسیان ده‌كه‌ین". 

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە هیچ شوێنێک و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان باس نەکراوە، تا ئێستاش گۆڕانکاری لە رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەڵبژاردنێک بکرێت هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن و نەبێتە هۆی لێکترازانی زیاتری هەرێمی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە پێکەوە کاربکەین بۆ خزمەتی هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنێک لەسەری رێکبکەون و هەڵبژاردنێک نەبێتە هۆی لێکترازانی زیاتری هەرێمی کوردستان، ئەوە مەسئوولییەتی من وەکو سەرۆکی هەرێم ئەوە نییە پشتگیری لە هیچ حیزب و لایەنێک بکەم، دەسەڵاتی من وەکو سەرۆکی هەرێم؛ پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیش لە سەرووی بۆچوونی حیزبەکان دەبینم و بەتەئکید هەر هەنگاوێک بنێم لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەنێم کە نابێتە هۆی لێکترازانی زیاتری هەرێمی کوردستان، حیزبەکان چ مەسڵەحەتێکیان هەیە، مافی خۆیانە و دروستە بەڵام ئەو ئەرکەی لەسەرشانی منە وەک سەرۆکی هەرێم ئەوەیە پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردتسانە". 

لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بارزانی باسی لەوەکرد، هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری پابەندییەکانی جێبەجێکردووە و نابێت چیتر مەسەلەی مووچە ببێتە هەواڵ و تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت.





PM:12:29:07/05/2024