بەڵگەنامە.. بەڕێوەبەری ئێستای هاتوچۆی سلێمانی مانگێک حوکم دەدرێت.. بەڕێوەبەری پێشوو لەسەر دۆسیەی " گەندەڵی" فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە


ئەمڕۆ عەمید ئاسۆ محەمەد کە لە ئێستادا بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی یە لەسەر پشکی گۆڕان بە مانگێک حوکمدرا، بەڕێوەبەری پێشووی هاتوچۆی سلێمانیش ( ع. ن.ح) و لەسەر پشکی یەکێتی یە بەتۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووەو هەڵهاتووە بۆ دەرەوەی وڵات.

هۆکاری دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەمید ئاسۆ محەمەد دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و پەیوەندیی بەخوێندنی ماستەرەکەیەوە هەیە بەبێ ئەوەی مۆڵەتی خوێندن وەربگرێت بە فەرمانی خۆی دەرماڵەی بۆ خۆی بەستووە کە ئەو دەمە بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان بووە.( واتە بە فەرمانی خۆی پارەی بۆخۆی خەرجکردووە ).
رۆژی ٢١ نیسانی ئەمساڵیش ماڵپەڕی سپی لە دوو کاتی جیاوازدا بوو هەواڵی لەسەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەمید " ع. ن .ح) کە لەسەر پشکی یەکێتی یە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەرچووە، بەڵام هەڵهاتووە بۆ دەرەوەی وڵات.

بەپێی نوسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بەشی یاسایی کە ژمارە ١٠٤٧٧ ی لەسەرەو بەرواری ٧/٤/٢٠٢٤ دەرچووەو لە ماڵپەڕی " سپی رۆژی ٢١ی نیسانی ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوەو، واژۆی عەمید ئاسۆ محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی لەسەرەو ئاراستەی فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی کردووە، جەخت لەسەر دەستگیرکردنی عەمید( ع. ن . ح) دەکاتەوە. 
لەو نوسراوەدا هاتووە " بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە کە دەست ( ماڵپەڕی سپی) کەوتووە و بەرواری ١٢/١١/٢٠٢٣ ی لەسەرەو واژووی نوزاد عەلی کەریم سەرۆکی ئەنجومەنی لێکۆڵێنەوەی پێوەیە، بەهۆی تۆمارکردنی ژمارەیەک ئۆتۆمبیل بە مەنەفێستی ساختەی گومرگی ( ام قەسر) هەروەها تۆمارکردنی دەیان ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی ( درع) ی بێ سەرەتا و خوار  مۆدێلی پێچەوانەی ڕێنوماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدا ناوبراو ( ع.ن.ح) بەرێوەبەری بەشی تۆماربووەو وەرنەگرتنی رسوماتی یاسایی پێویست لە ژمارەیەک لەو ئۆتۆمبیلانە کە ئەمەش بۆتە هۆی زیان گەیاندن بە داهاتی گشتی". 
هەروەها لەو نوسراوە فەرمییەدا هاتبووە " بەپێی مادەی ٣٣١  لەیاسای سزاکانی عێراق ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ ی هەموارکراو، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی هەمانە بەپێی مادەی ٨ی برگەی دووەم، لە یاسایی بنەماکانی دادگایی گردنی سزایی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە ( ١٧) ی ساڵی ٢٠٠٨ ، بڕیارماندا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار ( عەمیدی پۆلیس/ ع.ن.ح."
بەڵگەنامەی لیژنەی لێکۆلێنەوەی بەڕێوەبەری ئێستای پۆلیسی هاتوچۆ..
بەڵگەنامەی فەرمانی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هاتوچۆ..



PM:02:06:07/05/2024