وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین راگەیەندرا

کەشناسێک جەختی لەوەکردووەتەوە کە لەکۆتای شەپۆلەکەداین سبەی ئاسمانی ھەرێمی کوردستان لەنێوان کاتەکانی بەیانی بۆ نیوەرۆ بە زۆری ساماڵ ئەبێت و لەکاتەکانی پاش نیوەرۆ بۆ ئێوارە بەزۆری ئەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و دووبارە ئەگەری چالاکبوونەوەی ھەورە بروسکە و تاوە باران لە شوێنی جیاجیادا ئەبێت.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" لە ئێستادا لەبەشێکی سنوری پارێزگای سلێمانی تاوە باران و ھەورە بروسکەکان بەچالاکی ماوەتەوە لەناوچەکانی دیکە کەش سەقامگیربووە و لەچەند کاتژمێری داھاتوودا لە سنوری پارێزگای سلێمانیش کەشەکە ئاسایی ئەبێتەوە".

 ئەوەشی خستووەتەڕوو"  بۆ سبەی چوارشەمە ٨ی ئایاری ٢٠٢٤ ئاسمانی ھەرێمی کوردستان لەنێوان کاتەکانی بەیانی بۆ نیوەرۆ بە زۆری ساماڵ ئەبێت و لەکاتەکانی پاش نیوەرۆ بۆ ئێوارە بەزۆری ئەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و دووبارە ئەگەری چالاکبوونەوەی ھەورە بروسکە و تاوە باران لە شوێنی جیاجیادا ئەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکان رێژەکەی زیاتر ئەبێت و لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک کەش سەقامگیر ئەبێت ، پلەکانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە ، خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند ئەبێت ١٠-٢٥کم/ک" .

ئاراس جەبار راشیگەیاند" لە سبەی ئێوارەوە بەیەکجاری کۆتایی بە کاریگەری ئەم شەپۆلە دێت و کەش لەتەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان سەقامگیر ئەبێت ، ھەفتەی ئایندەش لەرۆژانی ١٢ و بەتایبەت ١٣ و ١٤ی ئەم مانگە حاڵەتێکی دیکەی ناجێگیری کەش و ھەوا کە خۆی ئەبینێتەوە لەھەورە بروسکە و تاوە باران لەناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و زانیاری زیاترمان لەرۆژانی داھاتوودا ئەبێت".



AM:12:02:08/05/2024