"حکومەتی هەرێم هیچ بیانووێکی بۆ نەناردنی مووچە نەهێشتووەتەوە"

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" سەرجەم ئەو گرفتانەی هەبوون بۆ ناردنی مووچە چارسەرکراون". 

پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دوو بەربەست هەبوو بۆ نەناردنی مووچە، یەکەمیان پرسی داهاتی ناوخۆ بوو، دووەمیش پرسی تەوتین بوو، لە ئێستاشدا هەردوو بەربەستەکە لابراون، کاتێک دەستمان بە پڕۆژەی (هەژماری من) کرد مەبەست لە حکومەتی هەرێم ئەوە بوو کە فەرمانبەران لە ڕێگەی بانکەوە مووچەکانیان وەربگرن". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هیچ بەربەرستێک لە بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەماوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ ١٦ کەس داوای فۆڕمیان کردووە بۆ ئەوەی لە بانکی (TBI) هەژمارە بکەنەوە، ئەمڕۆ لیژنەیەکی حکومی لەگەڵ بانکی (TBI) کۆبووەتەوە و رێکارەکان دەستیپێکردووە. 

هەورامی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" هیچ ناچارییەک بۆ هیچ کەسێک نییە کە بانکێکی دیاریکراو هەڵبژێرێت بەڵکو فەرمانبەر دەتوانێت هەر یەکێک لەو حەوت بانکە هەڵبژێرێت کە بەشدارن لە پرۆژەی حیسابەکەدایە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم هەموو ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ گەیاندنی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد، ڕێککەوتنی نێوان هەردولاش لەسەر ئەم بابەتە هەیە، چاوەڕێشن بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بە خێرای مووچەی فەرمانبەران بنێرێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ٣٠ هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێم هەیە و حکومەت هەوڵی بە هەمیشەیکردنیان دەدات.

سەبارەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری هەورامی ئاماژەی بەوەدا کە" سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەشێوەیەکی شەخسی دەستوەردانی لەم ڕووداوانەدا کردووە، جا چ لە هەولێر بێت، چ لە دهۆک یان هەر ناوچەیەکی دیکە بێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی بازاڕی قەیسەری کردووە و وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپاردووە کە بەدواداچوونێکی ورد ئەنجام بدات ئەگەر دەستێکی تێکدەر بووبێت کە ئەو کارەی کردبێت یان بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بێت، هەر بۆیە دەبێت ڕێوشوێن بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە کەمتەرخەمن و ئەگەر ئەو ڕووداوانەش بەهۆی تێکدەرانەوە بێت، حکومەتی هەرێم ئەوە قبوڵ ناکات، ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بە هەمان شێوە قەرەبوو دەکرێنەوە". 


PM:06:54:08/05/2024