(٢٤) وڵات هاوڵاتیه‌كانیان له‌ كه‌مپی هۆلی سوریاوە ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ٢٤ وڵات دەستیانکردووە بە گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان لە کەمپی هۆڵ لە سووریا". 

قاسم ئەعەرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی" لە کەمپی هۆل لە ٦٠ وڵاتی جیاواز خێزان و ئەندامانی داعشی تێدایە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق، ئێستا ٢٤ وڵات دەستیان بە گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لەو وڵاتانە ڕووسیایە کە لەم دواییانەدا ١٢ منداڵی کچ و ٢٠ کوڕی لە نێوان تەمەنی (٥ - ١٧) ساڵدا گەڕاندەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق داواش لە وڵاتانی دیکە دەکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ داخستنی کەمپەکە هاوڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە.

کەمپی هۆل، کەوتووەتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ٥٦ هەزار و ١٥٤ کەسی تێدایە کە ٢٩ هەزار و ١٤٢ پەنابەری عێراقی و ١٨ هەزار و ٩٠٣ ئاوارەی سووریا و هەشت هەزار و ١٠٩ ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن. 


PM:12:20:10/05/2024