پارتی بەرپرسی لقی چواری لەپۆستەكەی دوورخستەوە


پارتی دیموكراتی كوردستان لەگۆڕانكارییەكی ناوحیزبەكەیدا هەڵۆ ئەحمەد كوردە، بەرپرسی لقی چواری لەپۆستەكەی دوورخستەوە‌و سەعید سەلیم ئاغای لەو پۆستە دانا.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی پارتی،  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی لقی چواری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە كارگێڕانی لق و بەرپرسانی سنووری لقی چوار، (سەعید سەلیم ئاغا) وەك بەرپرسی نوێی لقی ناوبراو دەستبەكار بوو.

بەر لە دەستبەکاربوونی ئەو بەرپرسە نوێیە بۆ لقی چوار، (فاڵ بەشارەتی) لە جێگەی بەرپرسی پێشووی لقی هەڵەبجە دەستبەکار بوو.
دەستبەكاربوونی بەرپرسی نوێی لقی چوار، بە بڕیارێكی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان بوو بە مەبەستی گۆڕانكاری لە پۆستی بەرپرسی لقی 4 و لە شوێنی (هەڵۆ ئەحمەد كوردە)ـیش، (سەعید سەلیم ئاغا) درێژە بە كارەكانی حیزب لە سنووری شاری سلێمانی دەدات.

لە مەراسیمی دەستبەكاربوونەكەیدا، (سەعید سەلیم ئاغا) گوتی، "ئومێدمان ئەوەیە لەگەڵ هەڤاڵانمان لە سنووری لقی 4، كارێك بكەین كە شاییستەی مێژوو و شانازی و خەڵكی پارتی بێت لە شاری سلێمانی و بەهیواین لە قۆناخی داهاتوودا سەركەوتنی زیاتر تۆمار بكەین".

جێی ئاماژەیە، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (جەعفەر ئێمینکی) لە گفتوگۆیەکی چەند ڕۆژ لەمەوبەری KDP.info –دا، ئەو گۆڕانکاریانەی کە وەها بڕیارە حیزبەکەی ئەنجامیان بدات، خستە بەر باس. گۆڕانكارییش لە پۆستی بەرپرسی چەند لقێکیدا دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەوە.



PM:05:00:27/10/2014