پارتی: دەمانەوێت ئیدارەی سلێمانی رادەستی گۆڕان بكرێت، ئەوكات پارتی كاری باشتری پێدەكرێت


بەرپرسی نوێی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لەسلێمانی دەڵێت یەكێتی نیشتمانی لەڕووی ئیدارییەوە لەسلێمانی شكستی هێناوە‌و پارتی دەیەوێت ئیدارەی سلێمانی رادەستی گۆرٍان بكرێت، ئەوكات پارتی لەسلێمانی كاری باشتری بۆ دەكرێت.

سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی چواری پارتی كە بەمزووانە ئەو  پۆستەی پێدراوە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رووداو سەبارەت گرفتەكانی پارتی لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت: گەورەترین گرفتی ئێمە دوو شتی ئەساسییە، یەكەمیان پارتی بۆ ماوەیەكی زۆر لەم پارێزگایە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە دابڕابوو، ئەوەش كاریگەریی گەورەی لەسەر پێگەی ئێمە هەبووە. خاڵی دووەم بەڕێوەبردنی ئیدارە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی رێژەی دەنگدەر لە خۆت كۆبكەیتەوە، ئێمە لە سلێمانی نەك ئیدارەمان بە دەستەوە نەبووە، وەك هاووڵاتی پلە دووش مامەڵەمان لەگەڵ كراوە، ئەوە كێشەی سەرەكی ئێمەیە لە پارێزگای سلێمانی.

هەروەها سەبارەت بەوەی "بەرپرسانی پارتی لەدەڤەری سلێمانی وەك هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت"، سەعید سەلیم وتی: ئێمە كە دەڵێین وەك هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەمان لەگەڵ كراوە، مەبەستمان ئەوەیە نەمانتوانیوە وەك هەولێر بەرگری لە ئەندامەكانمان بكەین لە ناو ئیدارەی پارێزگای سلێمانی. ئەندامەكانی پارتی لە ماوەی رابردوودا باجی پارتیبوونی خۆیان داوە، تا ئێستاش بەو شێوەیە، كاری من ئەوەیە لە داهاتوودا ئەو واقیعە بگۆڕم و رێگە نەدەم وەك هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت. ئێستاش لە دوای هەڵبژاردنەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دۆخی سیاسی و باڵانسی هێز لەم پارێزگایەدا گۆڕاوە، بە دڵنیاییشەوە گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی دەكرێت، رەنگە ئەوەش ببێتە سەرەتای گۆڕانكاریی كاری سیاسی و ئیداری لەم پارێزگایەدا.

سەعید سەلیم سەبارەت بەوە ئەگەری ئیدارەی یەكێتی بكەوێتە دەست گۆڕان ئایا گۆڕانكاری روودەدات دەڵێت:  گۆڕانكاریی باش روودەدات، چونكە یەكێتی لە ماوەی رابردوودا سەركەوتوو نەبوو لە ئیدارەكردنی ئەم شارە و شكستی هێنا، بۆیە ئەگەر ئەم ئیدارەیە لایەنێكی دیكە وەریبگرێت، گۆڕانكاری سیاسی و ئیداریش لەم شارەدا روودەدات و پارتیش رەنگە كاری زۆر باشتری پێبكرێت، چونكە لە رابردوودا پارتی نەیتوانیوە ئەگەر ئەندامێكی لە فەرمانگەیەكی حكومی كێشەیەكی هەبێت بەرگری لێبكات تەنیا لەبەر ئەوەی پارتی بووە، بەڵام هاو پیشەكەی كە ئەندامی لایەنێكی دیكەی سیاسی بووە نەك كاری بۆ كراوە، بەڵكو فەزڵیشی دراوە بەسەر ئەندامەكەی دیكەی پارتیدا و پلەشی بەرز كراوەتەوە.



PM:10:03:03/11/2014