نێچیرڤان بارزانی‌: ئه‌زمونی‌ هه‌رێم له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدا بوو

‌نێچیرڤان بارزانی‌

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، له‌دیداری‌ مێریدا (ئاشتی‌ بۆ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست)، وتارێكی‌ پێشكه‌ش كردو ڕایگه‌یاند، هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌زمونه‌كه‌ی‌ سێ‌ مانگ به‌رله‌ئێستا له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدابوو، به‌ڵام هه‌وڵی‌ دیبلۆماسیانه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كوردو ڕابردوی‌ پێكه‌وه‌ژیان، وای‌ له‌دۆستانی‌ كورد كرد به‌هانای‌ هه‌رێمه‌وه‌ بێن.

(نێچیرڤان بارزانی‌) سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، له‌وتاره‌كه‌یدا باسی‌ له‌وه‌شكرد، هه‌رێم له‌ڕابردودا كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی‌ سه‌ركه‌وتوی‌ ناوه‌ له‌بواره‌كانی‌ دیموكراسی‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌و بواری‌ نه‌وت، كارگه‌یشتۆته‌ ڕاده‌یه‌ك، كه‌ توانراوه‌ هه‌رێم شوێنی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ وزه‌ی‌ جیهان دیاریبكات‌و سوته‌مه‌نی‌ پێویست بۆ ناوخۆو وه‌به‌رهێنانی‌ كاره‌با دابینبكات.

وتیشی‌:"سێ‌ مانگ به‌رله‌ئێستا، كوردستان‌و ئه‌زمونی‌ دیموكراسی‌ له‌هه‌رێمدا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌ناوچوندا بوو، به‌ڵام هه‌وڵی‌ دۆستانی‌ كورد، كه‌ به‌رهه‌می‌ كاری‌ ڕابردوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوو، له‌پێكه‌وه‌ژیان‌و هه‌وڵی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد، وای‌ له‌دۆستانی‌ كورد كرد، به‌هانای‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بێ‌و  ئه‌زمونی‌ ناوچه‌كه‌مان بپارێزن".

لە درێژەی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان كرد و  وتی "بە بەراورد بە وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمو‌ونەی پێكەوە ژیان و پاراستنی مافی كەمینەكانە‌و تاوەكو لە تواناشماندا هەبێت بەدەم پارێزگاریكردن لە مافی كەمینەكانەوە دەچین بۆ ئەوەی بیانپارێزین". گوتیشی "بۆیە پاراستنی ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان پێویست و گرنگە".

نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "كاتێك باس لە سیستمی سیاسیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین، دەبینین هەرێمی كوردستان بووەتە فاكتەرێكی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی لە دەوروبەرمان دەژین".



PM:03:59:05/11/2014