زیاتر لە 50 ژن و منداڵی ئێزیدی رزگار کران


ژمارەیەک ژن و منداڵی ئێزیدی لەلایەن هیزەكانی پاراستنی چیای شەنگال لە دەست چەکدارانی داعش رزگار کران.

بەپێی هەواڵێكی سۆمریە نیوز، عەمید ئاشتی کۆچەر، فەرماندەی ھێزەکانی چیای شەنگال ئەمڕۆ هەینی بە سۆمەریەنیوزی راگەیاند، (51) ژن و منداڵی ئێزیدی لەگوندی زلوقیەی باشوری تەلەعفەرەوە بە سەلامەتی گەیشتونەتە چیای شەنگال و لەدەست چەکدارانی داعش رزگار کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە لەلایەن داعشەوە دەستبەسەر کرابون و ئازادکردنیشیان، "لەڕێی پرۆسەیەکی تایبەتیەوە بوە"، کە لەبەر هۆکاری ئەمنی ئاماژەی بەشێوازی پرۆسەکە نەکرد.

بەوتەی فەرماندەی ھێزەکانی چیای شەنگال، ئەو کەسانە پاش ئەوەی رزگار کراون، بۆ پارێزگای دهۆک دەگوازرێنەوە.

پێشتریش چەند بەرپرسێکی عێراقی ئاماژەیان بەوە کردبو، داعش له‌ بینای‌ خوێندنگه‌ی‌ ئاسار له‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ر 600 كچی ده‌ستبه‌سه‌ركردوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام روبه‌ڕوی‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ ده‌رونی و جه‌سته‌یی ده‌بنه‌وه‌.



PM:12:39:07/11/2014