بەرپرسێکی پارتی:بەرپرس‌و بازرگانی گەورە لەپشت بازرگانیکردنەوەی نەوتەوەن لەگەڵ داعش

‌تانکەرە گیراوەکان، فۆتۆ: kdp
دوو بەرپرسی گەورەی پارتی لەکەرکوک رایانگەیاند" بەپرسی گەورە لە پشت بازرگانیکردنی نەوتەوەن لەگەڵ داعش"دا، تا ئێستا ١١ تۆمەتبار لەو دۆسیەیەدا دەستگریکراون.

ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك محەممەد كەمال ( پارتی )، بۆ kdp.info دەڵێت" ئەو جۆرە بازرگانییە كە دەكرێت ئەگەر بەرپرسی لە پشت نەبێت، خەڵكی ئاسایی ناتوانێت ئەو كارە بكات، چونكە لە ڕووی كردارییەوە قورسە، بۆیە بە دڵنیاییە بەرپرس و بازرگانی گەورە لە پشتی ئەم كارەوەن".

ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی" ئەوەی دەستی لە بازرگانیكردن بە سووتەمەنی لەگەڵ داعشدا هەبێت، تاوانێكی گەورەیە و تاوانبارێكی گەورەیە، چونكە لە كۆبانی تا جەلەولا داعش لە دژی گەلەكەمان لە شەڕدایە، چۆن دەكرێت بازرگانیی لەگەڵ بكرێت، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكات و، هەر كەسێك داواكراو بێت، ببینن و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكەن و دواتر ئەگەر تاوانبار بوو بدرێتە دادگە و سزای خۆی وەربگرێت".

بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك عەمید سەرحەد قادر ( پارتی )، بەهەمان ماڵپەڕی راگەیاندووە کە بازرگانی بە سووتەمەنییەوە لە سنووری پارێزگای كەركووك لەگەڵ داعش كراوە و، ئەوان چەند كەسێكیان دەستگیر كردوون و رەوانەی هەولێریان كردوون،و دەڵێت" چەند تەنكەرێكی سووتەمەنییش سوتێندراون و، لە ئێستایشدا چاودێرییەكی وردی ناوچەكە دەكرێت، لە هەر شوێنێك زانیارییان پێ بگات و كەسێك هەبێت، دەستگیری دەكەن و راستی دادگای دەكەن".




AM:10:44:19/11/2014