ئه‌نجومه‌نی ئاسایش: ئاسانكاریی هاتنی دانیشتوانی ناوچەكانی دیكەی عێراق مەترسین بۆ سەر ئاسایشی هەرێم

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێك له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ناوه‌ندی شاری هه‌ولێر بڵاوده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت:  بۆمان رونبوه‌تەوە تیرۆریستان سود لەو ئاسانكارییانە وەردەگرن كە بۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكانی دیكەی عێراق لە هەرێمدا گیراوەتە بەر و ئەم رێكار و ئاسانكارییانە كەلێنی گەورەن و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی هەرێم.

ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە پێویستی دەزانین كە هەم حكومەتی هەرێم و هەم هاوڵاتیانی خۆشەویست رەچاوی دۆخی ئاسایشی هەرێم بكەن و ئەو كۆسپ و لەمپەرانە نەهێلدرێن كە لەبەردەم رێكارە ئەمنییەكان دروستكراون".

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشدا هاتوه‌: لێكۆڵینەوە لە روداوەكەی ئەمرۆ دەستیپێكردوە و بێگومان وەك هەمیشە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەش راپێچی بەردەم دادگا دەكرێن و بە سزای شیاوی خۆیان دەگەن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
دانیشتوانی خۆراگری پایتەختی هەرێم

بەداخەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە دەستی رەشی تیرۆر گەیشەتە هەولێری پایتەختی هەرێم و بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای هەولێر ژمارەیەك لە برایانی پۆلیس و هاوڵاتیانمان شەهید و بریندار بون.
ئەم كردەوە قیزەوەنە لە دوژمنێكی شكستخواردو چاوەروانكراوە. برا پێشمەرگەكانمان لە بەرەكانی شەڕدا رۆژانە گورزی كوشندە لە تیرۆریستان دەوەشێنن و خەونەكانیان بۆ گەیشتن بە كوردستان لە گۆڕ دەنێن، بۆیە نائومێدانە پەنا بۆ كرداری لەمجۆرە دەبەن.

بەداخەوە وەك بۆمان رونبوه‌تەوە تیرۆریستان سود لەو ئاسانكارییانە وەردەگرن كە بۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكانی دیكەی عێراق لە هەرێمدا گیراوەتە بەر. ئەم رێكار و ئاسانكارییانە كەلێنی گەورەن و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی هەرێم. ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە پێویستی دەزانین كە هەم حكومەتی هەرێم و هەم هاوڵاتیانی خۆشەویست رەچاوی دۆخی ئاسایشی هەرێم بكەن و ئەو كۆسپ و لەمپەرانە نەهێڵدرێن كە لەبەردەم رێكارە ئەمنییەكان دروستكراون.

لەم كات و ساتەدا زیاتر لە هەمیشە خوازیاری هاوكاریی هاوڵاتیانی خۆشەویستمانین بۆ ئەوەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانمان لە هەر جموجۆڵێكی گوماناوی ئاگادار بكەنەوە. برایانتان لە ئاسایش و زێرەڤانی و پۆلیس وێرای ئەركی پاراستنی ناوخۆ، لە زۆربەی بەرەكانی جەنگدا شانبەشانی پێشمەرگە لە خزمەتدان، بۆیە چاوەڕوانیمان لە گشت چین و توێژەكانی هەرێم زیاترە كە بە ئەركی نیشتمانیی خۆیان هەستن و بە چاوكراوەیی زیاترەوە ئاگاداری هەر سوچێكی گەڕەك و شار و شارۆچكەكانمان بن.

لێكۆڵینەوە لە روداوەكەی ئەمڕۆ دەستی پێكردوە و بێگومان وەك هەمیشە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەش راپێچی بەردەم دادگا دەكرێن و بە سزای شیاوی خۆیان دەگەن.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
19-11-2014



PM:03:44:19/11/2014