لە 9 مانگدا زیاتر لە 5 هەزار توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجامدراوە

ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ئاشكرایدەكات لەماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 5 هەزار حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان تۆماركراوە.

بەپێی ئامارەكە " لەماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 5519 حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان تۆماركراوە كە 2087 یان لەپارێزگای هەولێر و 1285 یان لەپارێزگای دهۆك‌ و 934 یان لەپارێزگای سلێمانی‌ و 727 یان لەئیدارەی گەرمیان ‌و 361 یان لەئیدارەی راپەڕین‌ و 162 حاڵەتیشیان لەسنوری ئیدارەی سۆران تۆماركراون".

بەپێی ئامارەكە حاڵەتەكانی توندوتیژی لەماوەی ئەو 9 مانگەدا بریتین لە "30 حاڵەتی كوشتن‌ و 29 حاڵەتی خۆكوشتن‌ و 165 حاڵەتی سوتان‌ و 67 حاڵەتی خۆسوتاندن‌ و 105 حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی‌ و 5123 حاڵەتی سكاڵا تۆماركردن".

لەئامارەكەدا دەردەكەوێت كە" مانگی ئەیلول زۆرترین رێژەی توندوتیژی تێدا تۆماركراوە كە 781 حاڵەتەوە و بەپێچەوانەشەوە مانگی كانوونی دووەم كەمترین رێژەی تێدا تۆماركراوە كە 471 حاڵەتی توندوتیژیە".

بەپێی ئامارەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە رێژەی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان بەبەراورد بەساڵی 2013 زۆر زیادیكردوە بەڕادەیەك لەماوەی 12 مانگی ساڵی 2013 دا 5307 حاڵەتی توندزوتیژی بەرامبەر بەژنان تۆماركراون، كەچی تەنها لەماوەی 9 مانگی ئەمساڵدا رێژەكە بەرزبۆتەوە بۆ 5519 حاڵەتی توندوتیژی.



PM:10:12:22/11/2014